سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، هۆشداریی توندی لەبارەی دروستبوونی مەترسییەکی گەورەی لەناوبەر بۆ سەر وڵاتەکەی دا.
ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بە پشتڕاستکردنەوەی لێدوانەکانی یوڤال بلۆمبێرگ، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی ئیسرائیلی، هۆشداری دەدات لەوەی ئیسرائیل لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی ڕاستەقینەدایە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕوونیکردەوە، تەواوی ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ بەراورد بە هەڕەشەی تاران و هاوپەیمانەکانی زۆر لاوەکین، پێویستە سەرجەم توانا و سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ ڕێگریکردن لەم ئامانجە تەرخان بکرێن.
لە پەیامەکەی ئەو شرۆڤەکارەدا هاتووە، تەنیا نزیکەی دوو ساڵی دیکە لە خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی ماوەتەوە، بۆیە پێویستە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران یەکلا بکەینەوە، چونکە دیار نییە لە قۆناغی داهاتوودا کێ دەسەڵات لە ئەمریکا دەگرێتە دەست.
یوڤال بلۆمبێرگ، ڕەخنەی توندی لە نەیارە سیاسییەکانی گرت و ئاماژەی بەوە کرد، هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت ئەو هەڕەشەیە لەناو ببات ئەگەر پەیوەندییەکی نزیک و بەردەوامی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکادا نەبێت، هاوکات هۆشداریی دا کە ڕقەبەرایەتیی سیاسی بەرامبەر خودی نەتەنیاهۆ نابێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکان، بەڵکوو کۆمەڵگە بەرەو لێواری بەکۆمەڵکوژیی دووەمی جوولەکەکان 'هۆلۆکۆست' دەبات.