وەزیرێکی پێشووی ئەمریکا هۆشداری لە هەڕەشەکانی حووسییەکان و ئێران دەدات، داوای هێرشێکی دەستبەجێی فراوان بۆ سەر ناوچەکە دەکات.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە ئینگڵش لە وەڵامی پرسیاری ئایا پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئێران دەکات، گوتی: بێگومان سەد لە سەد، بەڵکو ئەو ئۆپەراسیۆنە دەبوا چەندین ساڵ زووتر ئەنجام درابایە، بەڵام سوپاس بۆ خوا دواجار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری جەنگی دا."
مایک پۆمپیۆ جەختی کردەوە، ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل زووتر هێرشیان بکردبایە سەر ئێران، دەیانتوانی ڕێگریی لە دروستکردنی پڕۆگرامە مووشەکییەکەی وڵاتەکە بکەن، بەڵام ئەگەر ئۆپەرسیۆنەکانیان بۆ 2 یان 5 ساڵی دیکەش دواخستبا، ئەمریکا دەبوایە ڕووبەڕووی ئێران بە هەبوونی چەکی ئەتۆمییەوە بووبایەوە، کە دەستلێدانی مەحاڵ دەبوو.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا باسی هەڕەشەی حووسییەکانی یەمەنی بۆ سەر ئاسایشی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و جەختی کردەوە، حووسییەکان تەنیا هەڕەشە نین بۆ سەر سعودیە، بەڵکو هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دروست دەکەن.
مایک پۆمپیۆ لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا داوای کردووە هەوڵێکی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ گەرەنتیکردنی هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب بکرێت.