دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئامادەکارییان بۆ دەستبەسەرکردن و دیپۆرتکردنەوەی 150 کۆچبەری ئەفغانی دەست پێکرد، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو مەترسییە گەورانەی لە وڵاتەکەیان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سێ بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 150 کۆچبەری ئەفغانی لە گرتووخانەکانی ویلایەتی لویزیانا کۆکردووەتەوە بە مەبەستی ناردنەوەیان بۆ ئەفغانستان.

بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان و گوتەی پارێزەران، پێشبینی دەکرێت یەکەم گەشتی تایبەت لە 2ی تشرینی دووەم لە شاری ئەلێکساندریاوە دەست پێبکات؛ ئەمەش وەک یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی ئەفغانستان لە مێژووی ئەو وڵاتەدا هەژمار دەکرێت.

بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان و بوونی بڕیاری دادگا بۆ پاراستنی هەندێک لە پەنابەران لە چەوساندنەوە، واشنتن ڕێگەیەکی جێگرەوەی گرتووەتەبەر؛ بە شێوەیەک دەستبەسەرکراوەکان ڕەوانەی پاکستان دەکرێن و لەوێشەوە لە ڕێگەی سنوورەوە ڕادەستی ئەفغانستان دەکرێنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دەستبەسەرکراوەکان چەندین کەسیان تێدایە ژیانیان لە مەترسیدایە، لەوانە کەسوکاری ئەو سەرباز و پۆلیسانەی پێشتر یارمەتیی سوپای ئەمریکایان دابوو، هاوکات کەسانی سەر بە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانیش لە ڕیزبەندیی دیپۆرتکردنەوەدان سەرەڕای ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

سەرەڕای ئەوەی یاسای ئەمریکا ڕێگری دەکات لە دیپۆرتکردنەوەی کەسانێک دادگا بڕیاری لەسەر ئەگەری ئەشکەنجەدان و چەوساندنەوەیان دابێت، پارێزەران دەڵێن کەمترین زانیاری بە دەستبەسەرکراوەکان دراوە. لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، دەزگای کۆچبەری و گومرگ هیچ لێدوانێک لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو، خشتەی گەشتەکان، ناسنامەی سەرنشینان و وردەکاریی دۆسیە تاکەکەسییەکان نادات.

لە کاتی کشانەوەی سوپای ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021، هەزاران هاووڵاتیی ئەفغانی پەنایان بۆ ئەمریکا برد، بەڵام دۆخی یاسایی بەشێکی زۆریان لەو وڵاتەدا بە هەڵپەسێردراوی مابووەوە.