دوای ئەوەی سزای 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن بەسەریدا سەپێنرا، لاهور تاڵەبانی دووبارە دەچێتەوە بەردەم دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان دادگایی دەکرێت.

 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە دەستەی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕیارە ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، لاهور تاڵەبانی و 21 دەستبەسەرکراوی تری ڕووداوی هۆتێل لالەزار، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی بکرێن. لە کۆی ئەم 22 تۆمەتبارە، پێشتر سزای ماددەی 56 بەسەر 7 کەسیاندا سەپێنراوە و ئەمە بۆ جاری دووەمە دەچنەوە بەردەم دادگا.

 

دیارترین ئەو کەسایەتییانەی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ دادگایی دەکرێنەوە ئەمانەن: لاهور تاڵەبانی، پۆڵاد تاڵەبانی، ڕێبوار حامی غالی، ڕێبوار قودرەت، بۆتان مستەفا، پێشەوا حوسێن و ڕێنوار زریان.

 

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 15ی 10ی 2026، دادگا لە دانیشتنێکدا بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادان، بڕیاری سزادانی بۆ 10 دەستبەسەرکراوی لالەزار دەرکرد و 2 کەسیشی لە هەمان دۆسیەدا ئازاد کرد.

 

سەبارەت بە لایەنی سکاڵاکار، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە 64 کەس لە خزم و کەسوکاری ئەو 3 کەسەی لە ڕووداوەکەی لالەزاردا گیانیان لەدەست داوە، وەک سکاڵاکار لە دۆسیەکەدا بەشدارن.

 

هاوکات قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی لەم سکاڵایەدا بەشدار نین، بەڵام 14 کەس وەک شایەتحاڵ دێنە ناو دادبینییەکەوە و دەیانەوێت لە دژی ئەو 22 تۆمەتبارە شایەتی بدەن.

 

لەلایەکی ترەوە، دەستەی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە ناوبراو بەرگری لە خۆی بکات، چونکە ئەو هێزەی لەلای بوون هێزی فەرمی و یاسایی بوون نەک میلیشیا؛ بەوپێیەی لاهور تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە و پۆڵاد تاڵەبانیش پلەی عەقیدی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا هەیە.

 

لەبارەی لایەنی یاساییی دۆسیەکەوە، ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969) تایبەتە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست (بە مەبەست)، کە یەکێک لە توندترین ماددە یاساییەکانە لە یاسای سزادانی عێراقدا و بەرزترین سزا تێیدا لەسێدارەدانە.

 

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 22ی 8ی 2025، کاتێک هێزێکی ئەمنی پێکهاتوو لە کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر، بۆ دەستبەسەرکردنی لاهور تاڵەبانی هەڵیان کوتایە سەر هۆتێل لالەزار؛ دوای شەڕێکی 3 کاتژمێری لەنێوان هەردوولادا، لە کۆتاییدا لاهور تاڵەبانی خۆی بەدەستەوە دا.

 

لە ڕووداوەکەی لالەزاردا 3 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران کە بریتی بوون لە: ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی (کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانی)، دیار سەردار حەکیم (کارمەندی کۆماندۆ) و سەرمەند عەلی (کارمەندی چالاکییەکان)، هەروەها لە لایەنی لاهور تاڵەبانیش گەنجێک بە ناوی ڕێکار عەبدولڕەزاق کوژرا و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار بوون و ده‌ستگیر كران.