بڕیار لەسەر دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو بە توانستی زیاتر لە 90 تەختی خەواندن لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا بۆ تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا درا.

 

ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت و پێشکەوتووی 100 تەختی بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لە شاری هەولێردا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی پارێزگاری هەولێر، ئەم پڕۆژە مرۆیی و تەندروستییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ پێشکەشکردنی باشترین چاودێریی پزیشکی و سووککردنی ئازارەکانی تووشبووان.

 

سەبارەت بە شوێن و نەخشەی نەخۆشخانەکە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێردا ڕووبەرێکی گونجاوی بۆ پڕۆژەکە دابین کردووە و کارکردن لەسەر ئامادەکردنی نەخشەی کۆتاییی نەخۆشخانەکەش بەردەوامە.

 

ئومێد خۆشناو ڕوونیشی کردەوە، سەرجەم فەرمانگە پێوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە هەموو کاراسانییەک لە ڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانەوە پێشکەش بەم پڕۆژەیە بکەن تا لە زووترین کاتدا کارەکانی دەست پێ بکات.

 

نەخۆشانی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی پێداویستیی بەردەوامیان بە خوێنگۆڕین و دەرمانی تایبەت، هەمیشە پێویستییان بە ناوەندی پسپۆڕ و نەخۆشخانەی سەردەمیانە هەبووە بۆ ڕزگاربوون لە قەرەباڵغیی ناوەندە گشتییەکان.