تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکەی شارەزوور دەستگیر کرا، دوای ئەوەی لەناو چایخانەیەکدا دەستڕێژی گوللەی لە گەنجێک کرد و کوشتی.
ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتی ئارام محەمەد حەمەساڵح ناوسراو بە (ئارە کوفە) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستگیر کراوە، دەزگاکە ئاشکرای کرد، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە لە قەزای شارەزوور لە ڕێکەوتی 2026/10/29، شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبارەکە دەستنیشان کرا و شەوی ڕابردوو خۆی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە کردووە.
بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، دەزگای ئاسایشی هەرێم جگە لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، دەستیان بەسەر دەمانچە و ئۆتۆمبێلەکەشیدا گرت و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.
دوای ڕووداوەکە، کەسوکاری قوربانییەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوەیان لەسەر هۆکاری کێشەکە دا و ئاماژەیان بەوە کردبوو، ناکۆکیی نێوانیان بۆ مامەڵەیەکی 300 دۆلاری دەگەڕێتەوە و چەندین جار گرژی لە نێوانیاندا دروست بووە.
بە گوتەی کەسووکارەکە، پێشتر کوڕەکەیان لە کاتی هێرشکردنە سەریدا یەکێک لە ئەندامانی لایەنی بەرامبەری بریندار کردووە و بەو هۆیەوە ماوەی پێنج ساڵ لە زینداندا ماوەتەوە، بەڵام پاش تەواوکردنی ماوەی سزاکەی و ئازادبوونی، لەناو چایخانەیەکدا بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.
کەسوکاری ئەو گەنجە جەختیان کردەوە، ڕێگرییان لە گەنجانی بنەماڵەکەیان کردووە دەست بۆ تۆڵەسەندنەوە بەرن، لە پێناو ئەوەی ڕێگە بە یاسا بدرێت کاری خۆی بکات، هەروەها داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کرد تۆمەتبارەکە بە توندترین شێوە و بەپێی ماددەی تایبەت بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست سزای خۆی وەربگرێت.