بەتۆمەتی هەڵگیرساندنی جەنگ بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس، کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بە هاوبەشی هەوڵی دوورخستنەوەی وەزیری جەنگ دەدەن.
ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرا کرد، تۆماس ماسی، ئەو کۆنگرێسە کۆمارییەی پێشووتر بە هاوبەشی دیموکراتەکان هەوڵی بڵاوکردنەوەی فایلەکانی جێفری ئێپیستینی دا، ئەمجارە دووبارە بە هاوبەشی دیموکراتەکان هەوڵ دەدات پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
تۆماس ماسی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک لە بارەی بەکارهێنانی یاسای تاوانبارکردنی وەزیری جەنگ دوای گەڕانەوەی کۆنگرێس بۆ واشنتن لە مانگی داهاتوو، بە توانجەوە گووتی: "ئەگەر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە!"
لە مانگی 9ـی ڕابردوو ئەم کۆنگرێسەی ئەمریکا یاسای تاوانبارکردنی لە دژی پیت هێگسەس پێشنیار کرد، بەتۆمەتی ئەوەی وەزیری جەنگ بە شێوەیەکی نایاسایی بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس جەنگی لە دژی ئێران ڕاگەیاندووە و بەبێ پێویستی سەربازی، زیانی بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە، ئەمە جگە لە تۆمەتی ژماریەک تاوانی بچووک و گەورەی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، حەکیم جێفریس، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای دوورخستنەوەی وەزیری جەنگی داوە و بەڵێنی داوە لە شارەکەی "وەدەری بنێت" ئەگەر بێت و دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی داهاتوو دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنن.
بەپێی زانیارییەکانی بلومبێرگ، دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران بە هەمان شێوە پێشنیاری ئەوەیان کردووە، کە دوورخستنەوەی پیت هێگسەس ئەو باجەیە کە دەبێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیدات لە پێناو هەر هەماهەنگییەکی نێوان پارتی کۆماری و دیموکراتەکان سەبارەت بە تەرخانکردنی بودجەی بەرگری و بابەتە یاساییەکانی دیکە، کە لە کاتی وادەی ڕاگواستنی سەرۆکایەتی دوای هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەی لەسەر دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزیری جەنگی ئەمریکا تا ئێستا چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی لە وەزارەتەکەی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. دوێنێ پێنجشەمەش 29-10-2026 ناوبراو 'بریت سێلڤیا'ـی لە پۆستی بەڕێوەبەری ستراتیژی، پلاندانان و سیاسەتەکان لە دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا بەهۆی "پرسی متمانەپێکردنەوە" دوورخستەوە.