حکومەتی عێراق ڕەتی دەکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پارە لە وڵاتانی دیکە قەرز بکات، بۆ ئەم مەبەستە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لە هەوڵەکانی عێراق بۆ قەرزکردنی بڕی 16 تریلیۆن دینار لە هەر یەک لە وڵاتانی سعودیە، کوەیت، چین، ئەڵمانیا و فەڕەنسا کردووە تا کورتهێنانی دارایی پێ پڕبکەنەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق قسەی بۆ تۆڕی هەواڵی 'ساعە' کردووە و جەختی کردووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی هەناردەکردنی نەوت و بەرزبوونەوەی داهاتە گشتییەکان، حکومەت پێویستی بەم جۆرە قەرزانە نییە.
لەبارەی چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، حەیدەر عەبودی ئاماژەی بە پەیڕەوکردنی یاساییەکی ئابووری حکومەتی عێراق بە بەکارهێنانی وردی داهاتی بەردەستی وڵات کردووە، تا پاڵپشتی خەرجییە گشتییەکانی پێ بکەن و پێداویستە داراییەکانی وڵاتی پێ دەستەبەر بکەن.