پۆلیسی هەولێر کۆنترۆڵکردنی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەی لە قەزای خابەت ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە، کە بەکارهێنانی چەک بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراوە نییە.
ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراێکدا ڕوونی کردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ شەو شەڕ و ئاژاوە کەوتبووە نێوان دوو بنەماڵە لە قەزای خەبات، هێزەکانیان دەستبەجێ لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرايەتی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی زێرەڤانی گەیشتنی شوێنی ڕووداوەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، توانرا بە خێرایی دۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن. جەختیش دەکەنەوە کە لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرنە بەر کە ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، هاوکات بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت چەک بەکاربهێنرێت، ڕێکاری توندیش بەرامبەر بە سەرپێچیکاران دەگرنە بەر.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو لە مزگەوت بههۆی ناکۆکی لەسەر 'نوێژ و زیکر'ـەوە شەڕە تەقە لە قهزای خەبات دروست بوو، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.