بۆیەکەمجار دوای نزیکەی یەک سەدە، سوپای ئەمریکا لەڕێگەی هەڵکەندنی گۆڕێ بەکۆمەڵەوە، خۆی بۆ ناشتن و پاراستنی ژمارەیەکی زۆری تەرم لە کاتی جەگ دەدات.
پێگەی هەوڵی ئارمی تایمز بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا خۆی بۆ ئەگەری ناشتنی تەرمی بە کۆمەڵی سەربازان لەکاتی جەنگ دەکات، بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە چەند خێرا دەتوانن خەندەق لێبدەن تا ناسنامەی تەرمەکان بپارێزن و دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش، بۆ خێزانەکانیان بگەڕێننەوە.
ئارمی تایمز ئاشکرای کردووە، لە کاتی مەشقی سەربازی لە باکووری ویلایەتی کارۆلاینا، بە ئامادەبوونی سەربازانی ئەندازیار، تیمی تەندروستی، قەشە و پسپۆڕانی بەڕێوەبردنی تەرمەکان ئامادەکارییان بۆ چۆنیەتی هەڵکەندنی گۆڕی بەکۆمەڵ کرد، کە لە جەنگی کۆریاوە لە 1950ـاکان تا ئێستا ئەم مەشقە دووبارە نەکرابووەوە.
بەپێی مەشقەکان، ڕێنمایی سەربازان کراوە چۆن گۆڕی بەکۆمەڵ بەشێوەیەکی کاتی لە ڕێگەی لێدانی 5 خەندەقی هاوتەریب هەڵبکەنن، کە جێگەی 100 تەرمی تێدا دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە تاقیکردنەوەکانی ڕابردوودا ئەو یەکانەی حەفارەی ئاساییان بەکارهێنابوو، دەیانتوانی لە ماوەی 3 کاتژمێردا تەنیا یەک خەندەق هەڵبکەنن کە توانای گرتنی 10 تەرمی هەبوو، ئێستا لە دوایین ڕاهێناندا بە بەکارهێنانی شۆفڵی جۆری D6، دەتوانن لە ماوەی تەنها کاتژمێرێک و 15 خولەکدا خەندەق لێبدەن کە جێگای 20 تەرمی تێدا دەبێتەوە.
دوای ئەم بەرەوپێشچوونە، دەرکەوتووە فەرماندەکان دەتوانن پلان بۆ کۆمپانیایەکی ئەندازیاری بە کەلوپەلی پێویستەوە دابڕێژن، کە بتوانێت لە ماوەی هەر 24 کاتژمێرێکدا خەندەق لێبدات و دایبپۆشێت کە جێگەی 2,400 تەرمی تێدا ببێتەوە، ئەوەش ئەگەر بەبێ وەستان بەبەردەوام کار بکەن.
لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی ڕابردوو لە جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستاندا، باڵادەستیی ئاسمانیی ئەمریکا ڕێگەی دەدا بە گواستنەوەی خێرای تەرمەکان بۆ وڵاتەکە لە ڕێگەی کەناڵەکانی کاروباری گواستنەوە و بەڕێوەبردنی تەرمەکانەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت جەنگەکانی داهاتوو، بەتایبەت ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆری سەرباز لەخۆ دەگرێت، هەمان هەل بەگواستنەوەی تەرم بەشێوەیەکی خێرا نەدەن، بۆیە هەر لە کاتی جەنگدا پێویستیان بە ناشتنی تەرم دەبێت.