بەبێ بڵاوکردنەوەی هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵای ئیماڕات، پۆشینی نیقاب لە زانکۆکانی وڵاتەکە قەدەغە کراوە.

پێگەی هەواڵی عەرەبی 21 نیوز ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی قەدەغەکردنی نیقاب لە زانکۆکانی ئیماڕات دەنگۆی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی دایک و باوکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕەخنەی تووندیان لەم بڕیارە گرت.

بەپێی زانیارییەکان، کەسێک بە ناوی 'ئەبو فەیسەڵ' لە ئێکس پۆستی کردووە و نووسیویەتی: "بڕیاری قەدەغەکردنی نیقاب چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، تێیدا ڕێگری لە قوتابییانی ئافرەت کراوە بچنە نێو زانکۆکان، لە ئەنجامدا هەندێک قوتابی خۆپیشاندانیان کردووە و هەندێکی دیکەش لە زانکۆکان هاتوونەتە دەرەوە و بڕیاریان داوە لە ماڵەوە بمێننەوە."

وێنەی تویتی ئەبو فەیسەڵ
وێنەی تویتی ئەبو فەیسەڵ


ئەم هاووڵاتییە ئیماڕاتییە لە درێژەی پۆستەکەیدا ڕەخنەی لە وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دوای دەستپێکردنی ساڵی خوێندن گرتووە، چونکە نازاندرێت چی بەسەر پارەی دایک و باوکانی ئەو قوتابییانە دێت کە بەر لە ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، بۆ ئامادەکردنی منداڵەکانیان بۆ چونکە زانکۆ خەرجیان کردووە.

لە پۆستێکی دیکەدا هەر لە پلاتفۆڕمی ئێکس، ئافرەتێک نووسیویەتی کە کچەکەی لە 'زانکۆی زەید' ئاگادار کراوەتەوە کە پۆشینی نیقاب قەدەغەیە و هەر کەسێک بیپۆشێت ڕێگەی پێنادرێت بچێتە نێو زانکۆ، بۆ ئەم مەبەستەش دایکەکە داوای لە شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات کردووە دەستوەردان لە بڕیارەکە بکات.

وێنەی تویتی ئافرەتەکە
وێنەی تویتی ئافرەتەکە


ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا هەردوو زانکۆی زەید و ئیماڕات لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای وڵاتەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی نیقاب لە زانکۆ بڵاونەکردووەتەوە.