پۆلیسی ڕاپەڕین هۆشداریی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییان و بەتایبەت کچان دەربارەی دەستەیەکی نوێی فێڵبازی (دەستبڕین) کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی هاوسەرگیرییەوە پارە لە خەڵک دەستێنن.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند، تاقمێک بە دروستکردنی هەژماری ساختە و لەژێر ناوی 'نووسینگەی ڕێکخستنی هاوسەرگیری' کچان و کوڕان بە یەکتر دەناسێنن بە ئامانجی فێڵکردن و دەستبڕین.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، کەسی فێڵباز پاش بەڵێندانی هاوسەرگیری، بە بیانووی نەبوونی تێچووی گواستنەوە و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون داوای پارە لە کچەکە دەکات و دوای وەرگرتنی پارەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکە دەپچڕێنێت (بلۆکی دەکات).

 

پۆلیسی ڕاپەڕین داوا لە سەرجەم دایک و باوکان دەکات کچەکانیان هۆشیار بکەنەوە تا نەکەونە داوی ئەم جۆرە تەڵە ئینتەرنێتییانەوە کە بۆ بردن و کۆکردنەوەی پارە و زانیاریی کەسی دروست کراون.

 

لە ساڵانی دواییدا بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دیاردەی تاوانی ئۆنڵاین و هەڵخەڵەتاندن بە ناوی جۆراوجۆرەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە و دەزگا ئه‌منییه‌كانیش بەردەوام هۆشداری دەدەن.