بەرپرسێکی باڵای پەروەردە لە ئێران ئاشکرای کرد کە پارێزگایەکی کوردیی وڵاتەکە ڕووبەڕووی کەمییەکی بەرچاوی ژێرخانی فێرکاری بووەتەوە و پێویستی بە زیاتر لە 250 ناوەندی نوێی خوێندن هەیە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردەوە، عارف خدرلوو، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە، گەشەپێدان و کەرەستەدارکردنی قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە، بۆ گەیشتن بە پێوەرە گونجاوە پەروەردەیییەکان، پارێزگاکە پێویستی بە دروستکردنی 255 قوتابخانەی نوێ هەیە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدان، تاوەکو ئێستا 25 قوتابخانە کەوتوونەتە کار و قۆناغی جێبەجێکردنی 53 پڕۆژەی دیکەش بەردەوامە، هاوکات تێچووی کۆتایی پڕۆژەکان بە نزیکەی 9 هەزار ملیار تمەن خەمڵێنراوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، دروستکردنی ناوەندی خوێندن تەنیا لە بەرزکردنەوەی دیوار و دروستکردنی باڵەخانەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان بۆ گەشەی بەهرەی فێرخوازان، هێنانەدی ئومێدی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی نەتەوەکان.
هاوکات قەهرەمان عەیوەزلوو، فەرمانداری ورمێ، پێداگری لەسەر خێراکردنی کارەکان لە پڕۆژە ناتەواوەکاندا کرد، بەتایبەت ئەو باڵەخانانەی قۆناغی زۆری دروستکردنیان تەواو بووە بەڵام هێشتا نەکەوتوونەتە خزمەتەوە، هەروەها ناوبراو چاودێریکردنی بەردەوامی مامۆستایان لە گوندەکان، نەمانی کێشەی سەلامەتی لە پۆلەکان و سوودوەرگرتن لە توانای کەسایەتییە خێرخوازەکانی بە بنەمای سەرەکی بۆ پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە دانا.