گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەرلەبەری لێدوانەکانی پەرلەمانتارێکی پێشووی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە.

 

ئەمڕۆ گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە لێدوانە تەلەفزیۆنییەکانی ئاڵا تاڵەبانی، پڕن لە چەواشەکاری و تۆمەتی بێ بنەما بەرامبەر بە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەرکەوتنی ناوبراو لە کەناڵەکان بەشێکە لە هەڵمەتێکی سیاسیی بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و لەخشتەبردنی ڕای گشتی، جەختیش کراوەتەوە کە هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق هۆشیارترن لەوەی بەو جۆرە قسانە باوەڕ بکەن.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم لێدوانانە، شاردنەوەی تاوانە ڕاستەقینەکان و پەردەپۆشکردنی دۆسیەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاساییە بە نەوت و دەرمانەوە، کە کەسانی نزیک لەو پەرلەمانتارە پێشووە تێیاندا تێوەگلاون.

 

گوتەبێژی فراکسیۆنەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دڵنیاییدا، بە هەموو شێوازێکی یاسایی ڕووبەڕووی ئەم هەڵمەتە و بڵاوکردنەوەی بوختانەکان دەبنەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا ببن.