وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی سووریا لە چوارچێوەی پلانی یەکخستنی سەرپەرشتیی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەژێر چەتری خۆیدا، بڕیاری دەرکرد بۆ تێکەڵکردنی هەردوو زانکۆی ڕۆژئاڤا و کۆبانێ بە زانکۆ حکومییەکان و سەربەخۆیی ئیداری و ئەکادیمییانی هەڵوەشاندەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد موراد، ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، دوای کۆبوونەوەیان لە دیمەشق لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و لێژنەکانی تێکەڵکردنی هەردوو زانکۆی ڕۆژئاڤا و کۆبانێ، ئاشکرای کردووە: ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر قۆناغەکانی جێبەجێکردن و لایەنە تەکنیکییەکان کراوە، واتە بەشێوەیەکی فەرمی لەم ساڵەوە، هیچ قوتابییەک لەژێر ناوی زانکۆکانی ڕۆژئاڤا و کۆبانێ وەرناگیرێت.
لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە، زانکۆی ڕۆژئاڤا دەبێتە کۆمەڵەی کۆلێژەکانی قامیشلۆ و سەرپەرشتیارێکی بۆ دادەنرێت کە پلەکەی بریتییە لە جێگری سەرۆکی زانکۆی فوڕات، تا ئەو کاتەی بەشێوەیەکی فەرمی زانکۆی حەسەکە دادەمەزرێت و هەموو کۆلێژەکانی لقی زانکۆی فوڕات لە حەسەکە و کۆلێژەکانی زانکۆی ڕۆژئاڤا لەخۆدەگرێت. هاوکات بە هەمان شێوە، زانکۆی کۆبانێ دەخرێتە سەر زانکۆی حەلەب.
لە لایەکی دیکەوە، مەڕوان حەلەبی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی سووریا، ڕایگەیاندووە: بەشێوەیەکی فەرمی فەرمانی تێکەڵکردنی زانکۆکانیان دەرکردووە، بەشێوەیەک زانکۆی ڕۆژئاڤا بە زانکۆی فوڕاتەوە دەبەسترێتەوە، زانکۆی کۆبانێ دەبێتە بەشێک لە زانکۆی حەلەب. هەروەها لقی زانکۆی غازی عەنتاب لە حەلەب کردووەتە بەشێک لە زانکۆی حەلەب و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنیان کردووە.
زانکۆی ڕۆژئاڤا لە ساڵی 2016 لە قامیشلۆ دامەزراوە و 13 کۆلێژی هەیە، بۆ ئەمساڵی خوێندن ژمارەی کۆلێژەکانی بۆ سێ کۆلێژ کەم دەکرێتەوە و پێدانی بڕوانامە و وەرگرتنی قوتابییان بە ناوی زانکۆی فوڕات دەبێت. زانکۆی کۆبانێش کە لە ساڵی 2017 دامەزراوە و لە هەشت کۆلێژ پێکهاتووە، تەنیا چوار کۆلێژی دەمێنێتەوە.
ئەم بڕیارانەی وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا، ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە. لە یەکەم کاردانەوەی ناوەندە زانستییەکانی ڕۆژئاڤادا، مزگین حەسەن، ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی زمانی کوردی لە زانکۆی ڕۆژئاڤا، باسی لەوەکردووە: داواکاریی سەرەکیی ئەوان دانپێدانانی فەرمی بووە بە زانکۆی ڕۆژئاڤا وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ، نەک بچووککردنەوە و تێکەڵکردنی لەگەڵ زانکۆکانی تردا.
مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاڤای کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم هەنگاوەی دیمەشق، سڕینەوەی دەستکەوتە ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاڤای کوردستانە و هەوڵەکانیان دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی فشار لەسەر حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دروست بکەن، بۆ هەموارکردنەوەی بەپەلەی بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا.