دانانی وێنەی کەسایەتییەکی هونەریی سەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەکان لە چالاکییەکی کولتووریدا، ناڕەزایەتی و کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەمڕۆ ئەحمەد نەبەز، هونەرمەند و چالاکوانێکی مەدەنی، ڕەخنەی توندی لە بەڕێوەبەرانی پێشانگەی ساڵانەی کتێب لە هەولێر گرت بەهۆی هەڵواسینی وێنەیەکی گەورەی لەیلا عەتار، هونەرمەندی عێراقیی سەردەمی بەعس لە ناوەندی چالاکییەکەدا لەژێر دروشمی 'من کوردستانیم'.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشانگەیەک بانگەشەی هۆشیاری و ناسنامەی نەتەوەیی بکات، نەدەبوو وێنەی کەسێک بەرز بکاتەوە کە خزمەتی بە کولتووری دەسەڵاتی پێشووی بەعس کردبێت.
چالاکوانەکە بەراوردی کرد لەنێوان لەیلا قاسم، وەک یەکەم ژنە شۆڕشگێڕی لەسێدارەدراوی کورد لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس، لەگەڵ لەیلا عەتاردا و پرسیاری ئەوەی ورووژاند کە لە بۆنەیەکی نەتەوەییدا کام لەم دوو کەسایەتییە شایستەی ڕێزلێنانن.
ئەحمەد نەبەز ڕوونیشی کردەوە، کە لەیلا قاسم لە پێناو ئازادیی کوردستاندا گیانی خۆی بەخت کرد و هەموو داوایەکی دانپێدانانی دەسەڵاتدارانی بەعسی ڕەت کردەوە، لە کاتێکدا لەیلا عەتار تا ساتی کوژرانی لە ساڵی 1993دا لە بۆردومانی ئەمریکادا، لە خزمەت ئەو دەسەڵاتەدا مابووەوە.
لەیلا قاسم لە ساڵی 1974دا لەلایەن دادگای شۆڕشی ڕژێمی بەعسەوە لەسێدارە درا و بووە سیمبولێکی نیشتمانیی بەرگریی ژنانی کورد، لە بەرامبەردا لەیلا عەتار هونەرمەندێکی شێوەکاری عێراقی بوو و بەرهەمەکانی پەیوەست بوون بە چالاکییە فەرمییەکانی حکومەتی ئەوکاتی بەغداوە.