حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025دا بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی پاڵپشتییەکی دارایی گەورە بۆ کەرتی تەندروستی؛ بەجۆرێک ساڵانە بەتێکڕا نزیکەی 167 دۆلاری وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستاندا خەرج کردووە.
ئهمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاپۆرتێكی دەربارەی ئامارەکانی کەرتی تەندروستی بڵاوكردهوه و تیایدا هاتووه، كه نەخۆشخانە میرییەکان (گشتییەکان) بوونەتە چەترێکی پارێزەری دارایی بۆ خێزانەکان، بەجۆرێک تەنیا لە ساڵی 2025دا بە بڕی 182 ملیار و 433 ملیۆن دینار بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم کراوەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، لەو ساڵەدا 217,238 نەشتەرگەریی گشتی بە نرخی تەنیا 7,000 دینار بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دراون، لە کاتێکدا نرخی هەمان نەشتەرگەری لە کەرتی تایبەتدا 750,000 دینارە، بەمەش بڕی 161 ملیار و 408 ملیۆن دینار لە خەرجی بۆ هاووڵاتییان گەڕێندراوەتەوە.
هاوکات 41,250 نەشتەرگەریی فریاکەوتن بەتەواوی و بەخۆڕایی (بێبەرامبەر) ئەنجام دراون، لە کاتێکدا تێچووی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە لە کەرتی تایبەتدا 500,000 دینار بووە، کە بەم هەنگاوەش 20 ملیار و 625 ملیۆن دینار لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم کراوەتەوە.
لە بەشێکی تری هاوکارییە گەورەکاندا، تێچووی چارەسەری نەخۆشییە قورسەکانی وەک شێرپەنجە، کە بۆ هەر نەخۆشێک لەنێوان 180,000 بۆ 200,000 دۆلاردایە، بەتەواوی لەسەر ئەستۆی حکومەت بووە؛ هاوکات خەرجیی چارەسەر بۆ 23,369 تووشبووی تالاسیمیا و هیمۆفیلیا دابین کراوە کە تێچووی مانگانەی هەر نەخۆشێکی هیمۆفیلیا دەگاتە 15,000 دۆلار.
هەر لە ساڵی 2025دا لە نەخۆشخانە میرییەکاندا 1,108 نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە، 24 نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک، 138,306 شووشتنی گورچیلە و 32,790 کرداری قەستەرە و باڵۆن بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دراون.
ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ساڵی 2025دا کۆی خەرجییەکانی کەرتی تەندروستی گەیشتووەتە 773.4 ملیار دینار لەبەرامبەر 112.9 ملیار دینار داهات، بەمەش حکومەتی هەرێم بە ڕێژەی 85% پاڵپشتیی دارایی کەرتەکەی لە ئەستۆ گرتووە، کە لەو بڕەش 325 ملیار دیناری تەنیا بۆ کڕینی دەرمان تەرخان کراوە.
لەپێناو خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگەدا، 512,264 پشکنینی شەکرە و پەستانی خوێن، 122,705 پشکنینی پێشوەختەی هاوسەرگیری و 47,176 پشکنینی تیشکیی مەمک (مامۆگرافی) بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بەخۆڕایی پێشکەش بە هاووڵاتییان کراون.