قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە ڕێکاری نوێی بۆ دابەشکردنی غاز بە پسوولە و پێدانی بەنزین ڕاگەیاند، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دەستەبەرکردنی یەکسانی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ لێژنهی سووتەمەنی لە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجەی شەهید بڵاویکردەوە، لە ڕێکەوتی 25ی ئۆکتۆبەری 2026، دابەشکردنی غازی ماڵان بە پسوولە دەست پێدەکاتەوە و پسوولەی ژمارە 3 کارا دەکرێت.
بەپێی بڕیارەکە، پێویستە بریکارەکان بەبێ جیاوازی هەر بوتڵێک غاز بە نرخی فەرمیی 8,500 دینار بە هاووڵاتییان بفرۆشن.
هەروەها داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان کراوە کە بارکۆدی تایبەت بە خۆیان سکان بکەن و ناویان تۆمار بکەن، تا لە کاتی چاپکردنی پسوولەی نوێدا بێبەش نەبن.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزین، لێژنهی سووتەمەنی هۆشداری دا کە هیچ تایبەتمەندی و نۆرەبڕینێک بۆ هیچ کەس و توێژێک بوونی نییە و سووتەمەنی بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموواندا دابەش دەکرێت.