وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەرجەم لێدوان و تۆمەتەکانی ئاڵا تاڵەبانی دەربارەی پرسی نەوت بەتوندی ڕەتکردەوە و وەک چەواشەکاری ناوزەندی کرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی ئێستای نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای نێودەوڵەتیی وود ماکنزی تەنیا نزیکەی 255 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، نەک 650 هەزار بەرمیل وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە.
وەزارەتەکە لە وەڵامی تۆمەتەکانی قاچاخچێتیدا ڕوونی کردەوە، 42 نوێنەری وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور و سۆمۆ سەرپەرشتی هەناردەکردن دەکەن و تەواوی داهاتەکەش ڕاستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی دارایی عێراقەوە.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە کۆمپانیا نەوتییەکان دامەزراوەی گەورەی نێودەوڵەتین و لە بازاڕە دارایییە جیهانییەکاندا (بۆرسەکاندا) تۆمار کراون، گرێبەستەکانیشیان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەیاسایی ناسێنراون.
پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەدوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە ساڵی 2023 ڕاگیراوە و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی بەردەوامن.