سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندی و هەماهەنگیی نزیکی وڵاتەکەی لەگەڵ ملیاردێرێکی ناوداری ئەمریکی لە بواری تەکنەلۆژیای مانگە دەستکردەکاندا ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە لووتکەی ڕووسیا و ئەفریقا، ئیلۆن ماسکی سەرمایەداری ئەمریکی بە بلیمەتێکی ڕاستەقینە ناوبرد و ئاشکرای کرد مۆسکۆ پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵیدا هەیە، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕاستڤیت کرد بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی ئاسمانی لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە، هاوکات ڕوونی کردەوە پەیوەندیی لەگەڵ ماسک پێویستە، تاوەکو مانگە دەستکردەکانی ڕاستڤیت و ستارلینک لە بۆشایی ئاسماندا تووشی بەریەککەوتن و کێشەی تەکنیکی نەبن.
پڕۆژەی ڕاستڤیت، بە نوێترین هەوڵی مۆسکۆ دادەنرێت تاوەکو ببێتە جێگرەوەی خزمەتگوزاریی ستارلینک، هەرچەندە تاوەکو ئێستا کەمتر لە 100 مانگی دەستکردی ئەو پڕۆژەیە لە خولگەدان، بەڵام لە بەرامبەردا کۆمپانیای سپەیس ئێکس زیاتر لە 13 هەزار مانگی دەستکردی خستووەتە گەڕ.
هاوکات باڵیۆزخانەی ڕووسیاش لە ئەفریقای باشوور پشتڕاستی کردەوە، کە وڵاتەکەی لە سەرەتای هەنگاوەکانیەتی لەم جۆرە تەکنەلۆژیایەدا و هاوکارییەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و ئیلۆن ماسک بەردەوام دەبێت.
ئەم هەماهەنگییە لە کاتێکدا ڕوو دەدات، کە سوپای ئۆکرانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕووسیا پشتی بە سیستەمی ستارلینک بەستبوو، بەڵام ماسک لە ماوەی ڕابردوودا دەستکاریی خزمەتگوزارییەکەی لە ناوچەکانی جەنگدا کرد بە بیانووی ئەوەی ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ هێرشی سەربازی بکات، ئەمەش کێشەی بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دروست کرد.
لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیاوە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ بە تەواوی ئاڵۆز بوون و زۆربەی پردە دیپلۆماسییەکان پچڕان، سەرەڕای ئەم گرژییانە، بواری بۆشایی ئاسمان و بەرژەوەندییە تەکنەلۆجییەکان وەک یەکێک لە دەگمەنترین خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی نێوانیان ماوەتەوە.