پەرلەمانی عێراق سبەی دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بە فەرمانبەرانی دەوڵەت دەدات کە ڕێگە دەدات فەرمانبەر بە مووچەی تەواوی بنەڕەتی لە کەرتی تایبەتدا کار بکات.
پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی داهاتووی بڵاوکردەوە و محەممەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمان وردەکاریی پێشنیازەیاساکەی ئاشکرا کرد.
بەپێی کارنامەکە، کاتژمێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی یەکشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار دۆسیە کۆدەبێتەوە. کارنامەکە لە سوێندخواردنی ئەندامپەرلەمانە جێگرەوەکان، دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنی یاسای پارێزەرایەتی، هەمواری یەکەمی یاسای ڕێگریکردن لە قۆرغکاری و دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای مۆڵەتی درێژخایەنی فەرمانبەران پێک دێت.
بهپێی زانیارییهكان، پڕۆژهكه بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی مۆڵەتی ساڵانە ئامادە کراوە. هەر فەرمانبەرێک مۆڵەتەکە وەربگرێت و لە کەرتی تایبەتدا کار بکات، 100%ی مووچەی بنەڕەتییەکەی پێ دەدرێت و وەک هەر فەرمانبەرێکی تر خانەنشین دەکرێت. هاوکات فەرمانبەر مافی ئەوەی هەیە دوای تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی مۆڵەتەکەی، داوای هەڵوەشاندنەوەی بکات و دەستبەکار ببێتەوە.
یاسای مۆڵەتی درێژخایەن لە عێراق یەکێکە لە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر کەرتی گشتی و هاندانی فەرمانبەران بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت، بەبێ ئەوەی مافی خانەنشینی لەدەست بدەن.