بانکی ناوەندیی عێراق چاپکردنی هەر جۆرە دراوێکی نوێ و سڕینەوەی سفرەکانی دیناری ڕەت کردەوە و ئاشکرای کرد کە له‌ ئێستادا جیاوازیی نرخی فەرمی دۆلار و بازاڕ بۆ 9% دابەزیوە.

 

ئەمڕۆ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە چاپکردنی دیناری نوێ دەکەن هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە و نادروستن.

 

پارێزگاری بانک ئاماژەی بەوە کرد کە جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی ئازاد (هاوتەریب) لە 24%ەوە بۆ 9% کەم بووەتەوە، هاوکات بانک پاڵپشتیی بانکە میری و تایبەتەکان دەکات بۆ پێدانی قەرزی ئاسانکاری لەنێوان 5 بۆ 15 میلیۆن دینار بە هاووڵاتییان.

 

پلانی سڕینەوەی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی ساڵانێکە لە ناوەندە دارایییەکاندا دەخرێتە ڕوو، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە قۆناغی یاسایی و کاتێکی گواستنەوەی درێژخایەن هەیە تا زیان بە بەرژەوەندیی دارایی هاووڵاتییان نەگات.