وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی بە فەرمی ڕەت کردەوە کە باس لە سڕکردنی دەسەڵاتەکانی عەلی نیزار شەتڕی لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیای سۆمۆ دەکەن.
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوت لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا کە دەزگای هەواڵی عێراقی (واع) بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی دەربارەی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە تۆڕەکاندا بڵاو بوونەتەوە، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە کە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە ئەرکەکانی بەردەوامە و پرۆسەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە بەپێی یاسا و ڕێکارە فەرمییەکان بەڕێوە دەچێت.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاکە دەزگای فەرمی دەوڵەتە کە بەرپرسیارە لە بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بازاڕەکانی جیهان.