لە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوودا لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری، زیاتر لە 160 بەرد لە میزڵدانی نەخۆشێک دەرهێنران.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا، تیمێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری توانیویانە لە کاتێکی گونجاودا چارەسەری نەخۆشەکە بکەن.

 

نەشتەرگەرییەکە بە سەرپەرشتیی دکتۆر سەرهەد ڕەشید، پسپۆڕی نەشتەرگەریی میزەڕۆ و بە هاوکاریی پزیشکانی دێرین و تیمی سڕکردن و کادیرانی تەندروستی بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراوە.

 

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە جەختی لە گرنگیی کارکردنی تیمی و پسپۆڕیی پزیشکی کردووەتەوە بە مەبەستی دابینکردنی چاودێرییەکی کوالێتی بەرز بۆ سەردانکەران.

 

نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری یەکێکە لە ناوەندە تەندروستییە سەرەکییەکانی شاری هەولێر کە ڕۆژانە نەشتەرگەریی جۆراوجۆر و ئاڵۆزی تێدا ئەنجام دەدرێت.