وەزارەتی تەندروستی لە هۆشدارییەکی بەپەلەدا بۆ هاووڵاتییان و فرۆشیاران، کڕین و فرۆشتنی دەرمانی بە هەموو شێوەیەک لە ڕێگەی سەرهێڵەوە (ئۆنڵاین) قەدەغە کرد.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، دەرمان تەنیا دەبێت لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان و بە ڕەچەتەی پزیشکیی پسپۆڕ دابین بکرێت، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد بە هیچ جۆرێک دەرمان لە پێگە و پەڕە بێمتمانەکان نەکڕن.

 

وەزارەت تیشکی خستەسەر مەترسیی دەرمانەکانی دابەزاندن و زیادکردنی کێش لە سەرهێڵدا، ڕوونیشی کردەوە کە ئەم بەرهەمانە پێکهاتەی نادیار، هۆڕمۆنی مەترسیدار و کافایینی زۆریان تێدایە، کە دەبنە هۆی جەڵتەی دڵ و مێشک، تێکچوونی پەستانی خوێن و لەکارکەوتنی جگەر و گورچیلەکان.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی بڵاوكراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هۆشداری به‌ فرۆشیارانی ده‌رمان به‌ ئۆنڵاین داوه‌ و ئاشكرای كردووه‌، كه‌ ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرێتە بەر.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، دەستەکانی چاودێریی بازاڕ و پشکنینی تەندروستی لە هەموو شارەکاندا بەدواداچوونی چڕ دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەرمانە نایاسایییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ساغ دەکرێنەوە.