دەربڕینی بۆچوونێکی نەخوازراو لەلایەن یاریزانێکی ناوداری هێڵی هێرشبەرییەوە، بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزییەکی گەورەی بازرگانی لەنێوان یانەیەکی پێشەنگی تۆپی پێ لە ئەوروپا و دەوڵەتێکی زلهێزی ئاسیادا.

 

ئەمڕۆ یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، داوای لێبوردن لە گەلی چین دەکەن بەهۆی لێدوانەکانی کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری ناوداری یانەکەیان.

 

لە پەیامەکەدا ڕێزی قووڵی خۆیان بۆ مێژوو و چاندی ئەو وڵاتە دەربڕی و ئاماژەیان بەوە دا، هاوسۆز و هاوڕان لەگەڵ ئەو داوای لێبوردنەی یاریزانەکەیان پێشتر بڵاوی کردووەتەوە.

 

ئەم پەیامە لە دوای کورتەڤیدیۆیەک هات، کە تێیدا ئێمباپێ ئاماژەی بە وێنەیەکی خۆی کردبوو و ماو تسی تۆنگ، سەرکردەی مێژووییی چینی وەک 'ستەمکار' ناوبردبوو؛ ئەم گوتەیە شەپۆلێکی تووڕەیی لەنێو هاندەرانی وەرزشیی چیندا دروست کرد و حکومەت و دەزگا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە هەڵوێستی توندیان نیشان دا.

 

لە ئەنجامدا، گەلێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانی، لەوانە نیشانە بازرگانییەکانی بەرهەمهێنانی خواردنەوە و شیرەمەنی، دەستبەجێ گرێبەستە ملیۆنییەکانیان لەگەڵ ئەو یاریزانەدا هەڵوەشاندەوە و پەخشی یارییەکانی خولی ئیسپانیاش لە چیندا ڕاگیرا.