هێزەکانی ئاسایشی هەولێر لە کاتی هەڵاتنیاندا، دوو تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دەستڕێژی گولـلەیان لە شوقەکانی ئیسکان تاوەر لە شاری هەولێر کردبوو.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای دروستبوونی پشێوی و تەقەکردن لە شوقەکانی ئیسکان لە گەڕەکی ئیسکان، تیمەکانی بەشی تاوان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان و بە فەرمانی دادوەر، هەردوو تۆمەتبارەکەیان لە کاتی هەڵاتنیاندا بۆ دەرەوەی شار دەستگیر کرد.

 

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەدا گیرا کە لە تاوانەکەدا بەکار هاتبوون، هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران (ص. ف. م.) و (ر. ئـ. م.) کراوەتەوە و ڕەوانەی دادگا کراون.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ڕێکاری توند بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت و دروستکردنی پشێویی کۆمەڵایەتی گیراوەتە بەر تاوەکو ئارامی شارەکان پارێزراو بێت.