تێچووی دارایی پێکدادانە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و بەربەستی نزیکەی 50 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە، تێچووی گشتیی جەنگی وڵاتەکەی لە دژی ئێران 47 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا پێشتر لە مانگی تەممووزدا پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ بڕەکەی بە 37.5 ملیار دۆلار مەزەندە کردبوو، ئەمەش بەرزبوونەوەی نزیکەی 9.5 ملیار دۆلار لە ماوەی چەند مانگێکدا دەر دەخات.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 29 ملیار دۆلار بۆ کڕینەوە و قەرەبووکردنەوەی تەقەمەنییە بەکارهێنراوەکان تەرخان دەکرێت، هەروەها پتر لە 6 ملیار دۆلاریش تەنیا بۆ قەرەبووی فڕۆکە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستە جەنگییە لەناوچووەکان پێویستە.

 

ئەم بارگرانییە دارایییە لەکاتێکدایە، فشارێكی زۆر لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پارتی کۆماری دروست بووە، بەهۆی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان لەسەر جەنگەکە و بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا؛ ئەم دۆخەش هەڕەشە لە زۆرینەی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا دەکات.

 

نەخشەسازیی سەربازیی سەرەتاییی واشنتن لەسەر بەکارهێنانی مووشەکی زیرەکی زۆر گرانبەها داڕێژرابوو بە هیوای کورتخایەنبوونی شەڕەکە، بەڵام ئاگربەستی مانگی نیسان دەرفەتی دایە ئێران بنکە ژێرزەمینییەکانی و سیستەمی بەرگریی خۆی نوێ بکاتەوە و شەڕەکە بۆ قۆناغێکی درێژخایەنتر ببات.

 

داتاكانی پێنتاگۆن ئەوەش دەر دەخەن کە ئەم خەرجییە زۆرانە، زیانی هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەخۆ نەگرتووە؛ ئەمەش پێشان دەدات تێچووی کۆتایی زۆر لەم ژمارەیە زیاتر دەبێت لەکاتێکدا گەمارۆی دەریایی بەردەوامە و هۆشداری دەدرێت لە دەستپێکردنەوەی شەڕی چڕ لە دوای هەڵبژاردنەکان.

 

جەنگی واشنتن دژی ئێران، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستی پێکرد بە مەبەستی سنووردارکردنی هەڕەشە ناوکی (ئەتۆمی) و مووشەکییەکانی تاران، بەڵام فراوانبوونی ڕووبەری شەڕەکە، بازاڕی وزە و ئابووریی نێودەوڵەتیی خستووەتە بەردەم قه‌یرانێكی قووڵ.