پۆلیسی پارێزگای هەولێر ژنێکی بە ڕەگەز ئێرانی دەستگیر کرد کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بە دەمانچە تەقەی کردبوو و ڤیدیۆی ڕووداوەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردبووەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیییەکە لە سۆشیاڵ میدیا کە تێیدا ژنێک بە ناوی (ن. ب. ق.) دەمانچە دەردەهێنێت و بە نایاسایی تەقە دەکات، توانرا لە ماوەیەکی پێوانەیی و کورتدا دەستگیر بکرێت.
تۆمەتبارەکە پاش دەستبەسەرکردنی، لە بەردەم لێکۆڵەراندا بە فەرمی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا سەرجەم ڕێکارە یاسایییەکانی بەرامبەر گیراوەتە بەر.
پۆلیسی هەولێر هۆشداری دایە هاووڵاتییان کە نمایشکردنی چەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر کەسێک ئەم کارە بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی چەسپاندنی سەروەریی یاسادا لە هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن بۆ بنبڕکردنی دیاردەی چەکهەڵگری و تەقەکردنی هەڕەمەکی.