پاریزگای هەولێر جێبەجێکردنی پلانێکی فراوانی ئەندازیاری و خزمەتگوزاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە وەرزی بارانباریندا ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پاش هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.

 

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بە هۆی دروستکردنی چەندین پۆند، بەنداو، پرد و فراوانکردنی ئاوەڕۆکانی وەک تەیراوە و بەحرکە، مەترسیی لافاو لە سەنتەری شاردا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

 

ناوبراو داوای لە کاسبکاران و هاووڵاتییان کرد هاوکار بن لە پاکڕاگرتنی مەنهۆڵ و ڕێڕەوە سروشتییەکاندا و پاشماوەی ماڵەکانیان فڕێ نەدەنە ناو کەندەکان.

 

بە وتەی ئومێد خۆشناو، لە سەنتەری شاری هەولێردا تەنیا سێ خاڵی لاواز ماونەتەوە کە پێویستییان بە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت هەیە تا بە تەواوی لە مەترسیی لافاو ڕزگاریان ببێت.

 

لە زستانی ساڵی 2021دا لافاوێکی گەورە لە هەولێر ڕووی دا و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتەوە، لەو کاتەوە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بۆ کۆنترۆڵکردنی لافاو جێبەجێ کراون.