میزکردنە سەر نووسراوێکی فەرمی لەلایەن پاسەوانی ڕاگری کۆلێژی پزیشکیی بەسرەوە، ناڕەزایەتیی قوتابییانی گەیاندە لووتکە؛ هەزاران قوتابی مانیان گرتووە و داوای دوورخستنەوەی ڕاگر دەکەن.

 

ڕووداوێکی بێپێشینەی داڕمانی ڕەوشتی و ئیداری لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی بەسرە، تووڕەیی سەرتاسەریی قوتابییانی تەقاندەوە، دوای ئەوەی پاسەوان (مۆرافیق)ی ڕاگری کۆلێژەکە سووکایەتیی بە نووسراوێکی سزای فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد لە ڕێگەی میزکردنە سەری و بڵاوکردنەوەی وێنەکەی لە نێوان فەرمانبەراندا.

 

ئەم ڕەفتارەی پاسەوانەکەی ڕاگرەکە، لەلایەن قوتابییان و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە وەک بەزاندنی تەواوی سنوورە ڕەوشتییەکان و سووکایەتیکردن بە پیرۆزیی ئیداری هەژمار کرا، کە بووە دوا هۆکار بۆ تەقینەوەی بێدەنگیی قوتابییان و چوونە ناو مانگرتنێکی سەرتاسەری بۆ ماوەی هەفتەیەک و پەککەوتنی تەواوی پرۆسەی خوێندن.

 

ئەم بەزاندنە ڕەوشتییە، پەردەی لەسەر قەیرانێکی قووڵتر لادا کە لەژێر سایەی نەوفەل موبارەک، ڕاگری کۆلێژەکە (ئەفسەری پێشووی وەزارەتی بەرگری) دروست ببوو، ئەم ڕاگرە بڕیاری بێبەشکردنی 1050 قوتابیی لە تاقیکردنەوەکان بە بیانووی نەهاتن دەرکردبوو.

 

جگە لە دەرکردنی قوتابییان، نەوفەل موبارەک داواکاریی پێداچوونەوەی نزیکەی 1300 قوتابیی دیکەشی ڕەتکردبووەوە، لە کاتێکدا دەنگۆی هاوکاریکردنی تایبەتی دوو قوتابیی نزیک لە بەرپرسان ناڕەزایەتییەکانی زیاتر پەرەپێدابوو.

 

کێشەکان هەر لەم ئاستە نەوەستان، بەڵکو بڕینەوەی دارەکانی ناو سنووری کۆلێژەکە، لەناوبردنی ئاژەڵەکانی باخچەکە و داخستنی کافێتریای کۆلێژەکە لەلایەن ڕاگرەکەوە، سیمایەکی سەربازییان بەسەر ناوەندەکەدا سەپاندبوو، ئەمەش وای کرد ناڕەزایەتییەکان سنووری قوتابییان ببڕن و دەستلەکارکێشانەوەی چەندین مامۆستای خاوەن پێگەی زانستیی لێکەوێتەوە، لە سەروویانەوە دکتۆر جەواد بەزونی کە هاتە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەران.

 

لەگەڵ پەرەسەندنی مانگرتنەکەدا، کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆکانی بەغدا، موستەنسرییە، نەینەوا و چەندین ناوەندی تر بە فەرمی پشتیوانیی خۆیان بۆ قوتابییانی بەسرە دەربڕی، لە بەرامبەردا، وەزیری خوێندنی باڵا و ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە هاتنە نێو کۆبوونەوەکانی تایبەت بە کێشەکە، بەڵام پارێزگار بە توندی ڕووبەڕووی مانگرتووان بووەوە و هەوڵەکانی بۆ لادانی ڕاگرەکە ڕەتکردەوە، کە ئەمەش لەلایەن قوتابییانەوە وەک دەستوەردانی نایاساییی دەرەوەی دەسەڵاتی پارێزگار سەیر کرا.

 

پاش ڕێککەوتنێک لە ڕێگەی مستەفا ڕەعد، نوێنەری قوتابییانەوە، بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییە گشتییەکان درا، بەڵام بەهۆی سووربوونی بەرپرسان لەسەر هێشتنەوەی ڕاگری کۆلێژەکە سەرەڕای ئەو ڕەفتار و بڕیارە ئیدارییە توندانە، نادڵنیایی لەسەر داهاتووی کۆلێژەکە بەردەوامە.