ئاگرێکی گەورە هاوینەواری مێژوویی پێشەوای پێشووی دەسەڵاتی نازی لەسەر لووتکەی چیایەکی بەرز گرتەوە و هێزە پارێزەرەکانیش دەستبەسەرکردنی گومانلێکراوێکیان ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئاگرێکی بەهێز لە هەرێمی باڤاریا تەلاری سەردەمی فەرمانڕەوایی نازییەکانی بەتەواوی سووتاندووە؛ دەستەکانی فریاکەوتن کاتێک گەیشتوونەتە جێگەکە، تەلارەکەیان بە گڕگرتووی دیوە، هاوکات کەسێک بە گومانی دەستتێدابوون لە ڕووداوەکەدا دەستبەسەر کرا.

 

گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەکە ڕوونی کردەوە، ئاگرکوژێنەوان تووشی گرفتێکی گەورە بوونەتەوە، چونکە جێگەکە لە بەرزاییی نزیکەی 1834 مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە هەڵکەوتووە و گەیشتن پێی کارێکی هاسان نەبووە.

 

پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوان، ئێستا بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی هۆی پشت سووتانی شوێنەکە؛ ئەم جێگەیە پێشتر بە هێلانەی باز ناسرابوو و وەک پەناگەیەکی لەشکریی پتەو لەلایەن ئەدۆڵف هیتلەرەوە بەکار دەهێنرا و بەشێک لە پەڕتووکی (خەباتی من)ـی لەوێدا نووسیبوو.

 

پەڕتووکی خەباتی من (Mein Kampf)، لەلایەن ئەدۆڵف هیتلەرەوە نووسرا و بە 2 بەش لە ساڵانی 1925 و 1926دا بڵاوکرایەوە. هیتلەر لەم پەڕتووکەدا ژیانی خۆی، بیرە ڕامیارییە توندڕەوەکانی، دژایەتیی جووەکان و ئامانجەکانی بۆ پاشەڕۆژی ئەڵمانیا ڕوون دەکاتەوە؛ ئەم پەڕتووکە دواتر بووە یەکێک لە سەرچاوە مێژوویییە گرنگەکان بۆ تێگەیشتن لە بیروباوەڕی نازی و ڕامیارییەکانی هیتلەر.