حکومەتی عێراق لە ڕێگەی زیادکردنی نەقدی دۆلارەوە هەوڵی جێگیرکردنی بەهای دینار و بەرزکردنەوەی توانای کڕینی هاووڵاتییان دەدات.
ئەمڕۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە مەترسیی گەمارۆیەکی نێودەوڵەتی ڕزگار کردووە و تا 30ی حوزەیرانی 2027 هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەوڵەت نامێنێت و لەو بڕیارەش پاشگەزبوونەوە نییە، هاوكات باسی لەوە کرد کە مەلەفی چەک لەگەڵ 3 گرووپ کۆتایی هاتووە و گفتوگۆ لەگەڵ 4 گرووپی دیکەشدا بەردەوامە.
سەبارەت بە هێزە بیانییەکان، عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کردووە، تەنانەت یەک سەربازی ئەمریکیش بە ناوی ڕاوێژکاریش لە عێراقدا نەماوە، هەروەها لێکتێگەیشتن هەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و ڕادەستکردنەوەی بنکەی سەربازیی باشیک بە سوپای عێراق.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە، ناردنی دۆلار لە 140 ملیۆنەوە بۆ 500 ملیۆن و پاشان بۆ 1 ملیار دۆلار بەرزکراوەتەوە، ئامانجیش گەیشتنە بە 2.5 ملیار دۆلار بۆ ئەوەی مانگانە نەقدی زیاتر دابین بکرێت و نرخی دۆلار بۆ 155 هەزار دینار یان کەمتر داببەزێت.
زەیدی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە دابەزاندنی پێشووی نرخی دینار لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا نەبووە و قازانجەکەی بۆ مەزەندەکاران ڕۆیشتووە.