دەستگیرکراوێکی لالەزار داوا لە ڕای گشتی و لایەنەکان دەکات، بارگرانی و هەڵەکانی ڕابردوو نەخەنە سەر شانی ئاوات شێخ جەنگی و ڕێز لە خەم و فرمێسکەکانی بگرن.
هێمن هادیە سوور، دەستگیرکرای لالەزار لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهور شێخ جەنگی دەربڕی و داوای کرد گوشارەکان لەسەری ڕابگیرێن، جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکانی ئەو بە تەنها لە سۆزی خوشکایەتی و بێکەسییەوە سەرچاوەی گرتووە.
هێمن هادیە سوور ئاماژەی بەوە داوە، ئاوات شێخ جەنگی هەموو دەرگایەکی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دەستگیرکراوان کوتووە، بەڵام لەبری هاوکاری، رووبەڕووی لێپێچینەوە و سەرزەنشت بووەتەوە، هەروەها لە کاتی ئازادکردنیدا چەند ئەفسەرێک هەوڵیان داوە ئاراستەی بکەن و بە گوتاری جیاواز دژی خێزان و خوشکی لاهوور شێخ جەنگی هانی بدەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاوات شێخ جەنگی سەرکردەی سیاسی نییە تاوەکو بارگرانیی هەڵەکانی ڕابردووی بخرێتە سەر، بەڵکو تەنها خوشکێکە و لە ناچاری و بێکەسیدا هەموو شێواز و زمانێکی نەرم و زبر بۆ پارێزگاریکردن لە براکانی بەکار دەهێنێت.
لە کۆتاییدا هێمن هادیە سوور داوای لە هەموو لایەک دەکات، لە بارودۆخی دەروونی و پەشێوییەکانی تێبگەن، ڕێز لە فرمێسک و هەوڵەکانی بگرن، ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێست و داواکارییەکانی ئەو خوشکە تەنها بۆ پاراستنی شەرەفی بەرگری و ڕزگارکردنی دەستگیرکراوان بووە.