بڕیاری سزادانی لاهور تاڵه‌بانی بڕیاری کۆتایی نییە و دادگای پێداچوونەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی هەیە؛ هاوكات تیمی پارێزەران لە ماوەی 30 ڕۆژدا تانە لە بڕیارەکەی دادگای سلێمانی دەدەن بەهۆی بوونی چەندین پێشێلکاریی دەستووری لە دۆسیەکەدا.

 

ئه‌مڕۆ سەرچاوەیەکی تایبەت بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەموو بڕیارێکی تایبەت بە تاوانە گەورەکان پێش ئەوەی بچێتە قۆناغی جێبەجێکردن، دەبێت لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، کە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکە، کەمکردنەوەی ماوەی سزاکان، یان هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری دۆسیەکە.

 

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی پایتەخت میدیا، وادەی یاسایی بۆ تانەدان لەم بڕیارە تەنیا 30 ڕۆژە و دوای ئەو وادەیە بڕیارەکە وەک خۆی دەچەسپێنرێت، هاوکات تیمی پارێزەران و داواکاری گشتی لەم ماوەیەدا دەتوانن تانەکانیان ئاڕاستەی دادگای باڵا بکەن.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتی: "بڕیاری دادگای سلێمانی بۆ سزادانی لاهور تاڵه‌بانی و هاوەڵەکانی بڕیاری کۆتایی نییە، هەروەها بەهۆی بوونی چەندین پێشێلکاریی دەستووری و یاسایی گەورە لە دۆسیەکەدا، ئەگەری زۆرە لە دادگای پێداچوونەوە هەڵبوەشێنرێتەوە."

 

پایتەخت میدیا به‌دواداچوونی زیاتری كردووه‌ و بۆی ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ تیمی پارێزەرانی بەرگری لە ڕۆژی یەکشەممەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە ڕێکارە یاسایییەکان دەکەن، ئەمەش پاش ئەوەی کۆپییەکی نووسراوی بڕیاری دادگای سلێمانی و خاڵەکانی دادوەریان بە دەست دەگات تا تانەی لەسەر تۆمار بکەن.

 

ئه‌وه‌شی بۆ ڕوون بووه‌ته‌وه‌، كه‌ لە دادگای پێداچوونەوە دەستەیەکی تایبەت کە لە 9 دادوەر پێکدێت دۆسیەکە دەبینن و سەرلەنوێ تەواوی پەڕاوەکان لە ڕووی یاسایی و بەڵگەکانەوە هەڵدەسەنگێننەوە. یەکەمین پێشێلکاریی گەورە لەم دۆسیەیەدا بریتی بووە لەوەی لە کاتی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دەستگیرکراوان نەدراوە پارێزەریان لەگەڵدا بێت.

 

سەرچاوە ئاگادارەکەی پایتەخت میدیا ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ماددەی 37 لە دەستووری عێراق، وەرگرتنی هەر دانپێدانانێک بە زۆرەملێ، ئەشکەنجەی جەستەیی یان گوشاری دەروونی بە تەواوی قەدەغەیە و دەبێتە هۆی پووچەڵبوونەوەی بڕیارەکانی دادگا. لێکۆڵینەوەکان پێچەوانەی ماددەی 127ی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی بوون، چونکە بەپێی ئەو ماددەیە هەر وتەیەک لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیرابێت لە ڕووی یاسایییەوە بە بەڵگە هەژمار ناکرێت.

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو وتانەی لە پەڕاوی لێکۆڵینەوەدا تۆمار کراون لەگەڵ قسەی ڕاستەقینەی دەستگیرکراوەکان یەکیان نەگرتووەتەوە، لە کاتێکدا شوێنەواری ئەشکەنجەی توند بە جەستەی گیراوەکانەوە بە ڕوونی دیار بووە. هه‌روه‌ها بەڵگەکانی نێو دۆسیەکە ڕوون نین و هیچ بەڵگەیەکی تەکنیکی نەخراوەتە ڕوو کە بوونی چەکەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە دەستگیرکراوەکانەوە ببەستێتەوە.

 

پایتەخت میدیا ئەوەشی زانیوە کە گەورەترین کێشەی نێو دۆسیەکە ئەوەیە کە شوێنی ڕووداوەکە لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا لەژێر دەستی هێزی سکاڵاکاردا بووە و کۆنتڕۆڵ کراوە، نەک دەسەڵاتی دادوەریی بێلایەن؛ هاوكات دادوەری لێکۆڵینەوە و تیمی پارێزەرانی بەرگری بە هیچ جۆرێک نەیانتوانیوە سەردانی شوێنی ڕووداوەکە بکەن و لە نزیکەوە پشکنین بۆ شوێنەوارەکان ئەنجام بدەن.

 

هەر بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، لە ڕێکەوتی 24ی ئابی 2025 میدیایەکی سەر بە سکاڵاکار تەواوی گۆڕەپانی ڕووداوەکەی وێنەگرتووە و پەخشی کردووە، لە کاتێکدا دادگای تاوانەکان لە 30ی تشرینی یەکەمدا بڕیاری پشکنینی داوە، واتە لایەنی سکاڵاکار زۆر پێش دادوەر چووەتە شوێنەکە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، دادگای سلێمانی لە 15ی ئۆکتۆبەری 2026 لە هەشتەمین دانیشتنیدا، بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە ڕێککەوتنی تاوانکاری سزای بەسەر 10 دەستگیرکراودا سەپاند و 2 کەسی ئازاد کرد.

 

سزاکان بریتی بوون لە 5 ساڵ و 3 مانگ بۆ لاهور تاڵەبانی، 3 ساڵ و 6 مانگ بۆ پۆڵاد تاڵەبانی، هەروەها سزای نێوان 1 ساڵ و 6 مانگ تا 2 ساڵ و 6 مانگ بەسەر 8 دەستگیرکراوەکەی تردا دابەش کراوە.

 

دۆسیەی لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025، کاتێک لە هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووی دا و بەهۆیەوە دەیان کەس دەستگیر کران.