وەزیری دارایی عێراق بڕیاری دەستپێکردنەوەی پێدانی قەرزی دارایی بۆ فەرمانبەران و دابینکردنی بودجەی بۆ پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی بانکی ڕافیدەینەوە دەرکرد.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، فالح ساری لە میانی سەردانێکیدا بۆ بانکی ڕافیدەین و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی کەریم، بەڕێوەبەری گشتی بانکەکە، فەرمانی دا ڕێکارەکانی پێدانی قەرز بە فەرمانبەران دەست پێبکاتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، جەخت لەسەر کەمکردنەوەی کاتی مامەڵەکان و بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوی سیستمی بانکی کراوەتەوە، هاوکات لقێکی نوێی تایبەت بە خاوەنکاران لەناو باڵەخانەی سەرەکی بانکەکە کرایەوە.

 

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ئاسانکاریی تەواو بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بکرێت تا دەستیان بە پارەدارکردن بگات، ئەوەش لەپێناو ڕەخساندنی هەلی کار و بەگەڕخستنەوەی چەرخی ئابووریی وڵاتدا.

 

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیی دارایی و گۆڕینی سیستمی کۆنی مامەڵە کاغەزییەکانە بۆ خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی لە گەورەترین بانکی حکومی عێراقدا.