پڕۆژەیاسای نوێی ڕێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە عێراق بە مەبەستی نەهێشتنی جیاوازییە داراییەکان و زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی گەیشتە پەرلەمان.

 

ئەمڕۆ فەرمانگەی یاسایی عێراق دەرئەنجامی ڕاسپاردەکانی لیژنەی هەموارکردنی یاسای مووچەی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، بە ئامانجی زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و پێدانی یەک دەڕماڵەی دیاریکراو بە ڕێژەی 30 تا 50 لەسەد بەپێی پلەبەندیی کارگێڕی.

 

بەپێی زانیارییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە داوای یەکسانکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سێ سەرۆکایەتییەکەی بەغدای بە تەواوی لەگەڵ مووچەخۆرانی دیکەی دەوڵەت کردووە بۆ دروستکردنی دادپەروەری لە خەرجییە گشتییەکاندا.

 

بەگوێرەی کۆنووسی لیژنەکە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش لەم یاسا نوێیە سوودمەند دەبن، بەو مەرجەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم میلاکاتی فەرمی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن لە کاتی تەمویلکردنی بودجەدا.

 

هاوکات، بڕیاری سنووردارکردنی پشکی قازانجی فەرمانبەرانی کۆمپانیا حکومییەکان دراوە بۆ ئەوەی لە 50 لەسەدی کۆی مووچەکەیان تێنەپەڕێت، سەرەڕای بوونی زیاتر لە چوار ملیۆن فەرمانبەر لە خشتەی یاسای بودجەدا، تا ئێستا داتای تەنیا نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر دراوەتە دەست ئەم لیژنەیە، بۆیە داوای یەکلاکردنەوەی زانیارییە ماوەکان لە پەرلەمان کراوە.

 

پرسی جیاوازیی گەورەی نێوان مووچەی وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانی عێراق، لە ساڵی 2003ـەوە بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەردەوام لەنێو شەقامدا. لە ساڵی 2022ـدا حکومەتی عێراق ئەم لیژنە باڵایەی بۆ هاوسەنگکردنی مووچە و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر خەزێنەی گشتی پێکهێنا.