لێژنەی ئەمنیی قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان بڕیاریدا، بە بەکارهێنانی بڵندگۆ بە دەنگی بەرز و بێزارکەر بۆ فرۆشتنی کاڵا و شمەک لە شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکاندا، بەتایبەتی لە نزیک قوتابخانە و خوێندنگەکان قەدەغە بكات.

قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، ئەم هەنگاوە لە پێناو پاراستنی ئارامی، ڕێکخستنی ژینگەی شار و دابینکردنی کەشێکی ئاسودە بۆ هاووڵاتییان دەگیرێتە بەر، بەتایبەت بۆ ئەو ماڵانەی نەخۆشیان تێدایە و پێویستییان بە هێمنی و ئارامیی زیاترە.

قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی پاراستنی ئاسودەیی گشتییە و ڕێگریکردن نییە لە کار و کەسابەتی هاووڵاتییان، بەڵام هەر کەسێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی تووند دەکرێتەوە.