شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجەی 2027 و شایستە داراییەکان گەیشتە بەغدا.
ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، لە بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پابەندی و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027 گەیشتە بەغدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکە، شاندەکە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە دا، شاندی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵی ئەنجام دەدات.
لە کۆتاییدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری دووپاتی کردەوە، ئامانجی سەردانەکە بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکان و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمە لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027.