شهپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و دەزگاکانی کەشناسی هۆشداری لە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و ئەگەری هاتنی شەپۆلی نوێی بارانبارین لە سەرەتای هەفتەی نوێدا دەدەن.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان و دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینییە نوێیەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و ڕۆژانی داهاتوویان بڵاوکردەوە.
کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی ناوچە جیاوازەکان لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواودا دەبێت، تاوەبارانی پچڕپچڕ و نمەبارانی مامناوەند بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەبارێت، پاشان لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە کەشوهەوا بەرەو سەقامگیربوون دەڕوات.
بهپێی کەشناسی كوردستان، خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دەبێت، مەودای بینینیش لە نێوان 8 بۆ 9 کیلۆمەتردا دەبێت.
بەپێی نەخشەی تۆمارکراوی نزمترین پلەکانی گەرما، حاجی ئۆمەران بە 13 پلە و بامرنی بە 14 پلەی سیلیزی ساردترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوون. لە بەرامبەردا، بەرزترین پلەی پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم جۆرەیە: گەرمیان 35 پلە، هەڵەبجە و چەمچەماڵ 32 پلە، هەولێر 31 پلە، سلێمانی 30 پلە، زاخۆ 29 پلە، دهۆک 28 پلە، پیرمام 26 پلە و حاجی ئۆمەران 20 پلەی سیلیزی.
لهلایهكی دیكهوه، شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن ناسەقامگیریی کەشوهەوا تا کاتەکانی نیوەڕۆ بەردەوامی دەبێت. ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی دهڵێت: "چالاکی هەورەبروسکە و تاوەباران بە ڕێژەی جیاواز لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین بەردەوام دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە کۆتایی دێت."
هاوکات هەڤاڵ سهدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی باسی لەوە کرد بارستەهەورێکی کەڵەکەبووی زەبەلاح لە ئەنبارەوە بەرەو هەرێمی کوردستان جووڵاوە و هەورەبروسکەی بەهێز و بارانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
لەلایەکی ترەوە، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین بەهۆی زیادبوونی خێراییی باوە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقی گرتووەتەوە و بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور تەشەنەی کردووە. لەسەر ئاستی عێراقیش، کەشناسی ئهو وڵاته پێشبینی دەکات ڕۆژی یەکشەممە کەش ئاسایی بێت، بەڵام لە ڕۆژی دووشەممەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا شەپۆلێکی تری تاوەباران و هەورەبروسکە لە کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاستدا چالاک دەبێتەوە.
وەرزی پاییز لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغی گۆڕانی خێرای کەشوهەوا دەناسرێتەوە، کە تێیدا دابەزینی پلەکانی گەرما لەگەڵ شەپۆلی کتوپڕی تاوەباران و هەورەبروسکە لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەست پێدەکات.