ترەمپ ئەگەری دەستپێکردنی هەڵمەتێکی لەشکریی بەرتەسکی بە ناوی 'تووڕەیی داستانئاسا' دژی ئێران خستە ڕوو، هاوکات دەرگای بۆ بژاردەی ڕێککەوتنی ڕامیاریش واڵا هێشتەوە.

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بژاردەکانی واشنتنی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەگەری ئەنجامدانی هەڵمەتێکی لەشکریی نوێ لە ئارادایە. ڕوونی کردەوە کە وڵاتەکەی لەبەر دەم 2 بژاردەی سەرەکیدایە، ئەوانیش جێبەجێکردنی قۆناغێکی نوێی هەڵمەتی لەشکری یان گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران.

 

سەبارەت بە لێدوانەکانی تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا کە باسی لە پەلاماری لەشکری لەم کۆتایی هەفتەیەدا کردبوو، ترەمپ بە پێکەنینەوە ئەو قسانه‌ی ڕەت کردەوە و بێئاگایی خۆی لێی دەربڕی؛ ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە بەڕاک لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو وەشاندنی گورزی لەشکری لەم هەفتەیەدا بژاردەیەکی تەواو کراوەیە، بەڵام هاوکات دەرگای ترەمپ بۆ وتووێژ هەمیشە کراوەیە.

 

ترەمپ ئاشکرای کرد، هێزەکانی وڵاتەکەی دەستیان بەسەر تەواوی گەرووی هورمزدا گرتووە و ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە نەوت لە ڕێگەی ئەو گەرووەوە دەگوازنەوە. هەروەها وریایی لە داڕمانی باری دارایی تاران دا و گوتی: "ئێران بەدەست هەڵاوسانی 300% دەناڵێنێت و سوپاکەی لە دۆخی داڕمانێکی تەواودایە."

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن دەتوانێت زۆر بە خێرایی کۆتایی بەو ناکۆکییە بهێنێت، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە ئایا بابەتەکە یەکلا بکەنەوە یان لێی گەڕێن خۆی کاڵ ببێتەوە؛ پێداگریی کرد کە ئەمریکا توانای ئەوەی هەیە دەست بەسەر سەرجەم سەرچاوەکانی نەوتی ئێراندا بگرێت و دەسەڵاتی تەواو بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

 

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە هێزی ئاسمانی و دەریاییی تاران تێکشکێنراون و وڵاتەکە لەژێر کاریگەریی گورزەکاندا لە باری پەککەوتووییی تەواودا دەمێنێتەوە. سەرەڕای ئەو پەیامە لەشکرییە توندانە، ترەمپ بوونی دەروازەی وتووێژی ڕامیاریی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس هیچ پەلامارێکی نوێ ئەنجام نادەن.

 

لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ترەمپ پلانی دەسەڵاتەکەی بۆ قۆناغی دوای ناکۆکییەکانی ئێران ئاشکرا کرد، کە ئامانجی داهاتوویان یەکلاکردنەوەی پرسی کوبا دەبێت. گوتی: "دوای شەڕی ئێران کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا دەچنە نزیک کەناراوەکانی کوبا و دواتر مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە دەنێردرێت تا ڕێککەوتنی خۆبەدەستەوەدانیان لەگەڵ واژۆ بکات."

 

ترەمپ لە وتارێکدا لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیالدا، پێداگریی لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکان کردەوە و باسی لەوە کرد کە بە سەپاندنی باجی 200% چەندین شەڕی لە جیهاندا ڕاگرتووە.

 

هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانەدا، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی (ئەتۆم) لەبەر دەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گەیشتن بە هەر چارەسەرێکی بۆ بەردەوامی چاودێری و پشکنینی سەربەخۆ گەڕاندەوە و ئاشکراشی کرد، کە ئامادەکارییە هونەرییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینی بنکە ناوەکییەکانی ئێران تەواو کردووە.

 

گرۆسی دەستخۆشی لە هەوڵە ڕامیارییەکانی قەتەر، سەڵتەنەتی عومان، میسر و پاکستان کرد کە وەک نێوەندگیر بۆ لێکنزیککردنەوەی واشنتن و تاران کار دەکەن. ڕوونی کردەوە کە ئەم ئامادەکارییە تەنیا هەنگاوێکی هونەرییە و تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ دەستپێکردنەوەی کردارییانەی پشکنینەکان واژۆ نەکراوە.

 

لە بەرامبەر هەڕەشەکانی واشنتندا، سوپای پاسدارانی ئێران وریایی دا کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز بەردەوام بن لە پاراستنی کەشتییەکان، بنکە لەشکرییەکانیان لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.

 

سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆی لە پەلاماردانی 7 کەشتیی نەوتی لە ڕێگەی مین و مووشەکی دەریایییەوە ڕاگەیاند و پەیامەکەی وەک ئاگادارییەکی یەکلاکەرەوە ناو برد. هاوکات نووسراوێکی زانیاریی نهێنیی ئەمریکا کە بۆ مارکۆ ڕۆبیۆ نێردراوە ئاشکرای کرد، ئێران پلانی لە قۆناغێکی پێشکەوتوودایە بۆ کوشتن و بەئامانجگرتنی نێردە ڕامیارییەکان و بەرپرسانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەیدا.

 

جای کلایتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەم هەڕەشانە بە کاربەدەستانی بدات؛ ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی نێردە ڕامیارییەکانی ئەمریکا لە چەند باڵوێزخانەیەک؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی نیگەرانی لە پلانەکانی تاران و پەلاماری دەستە چەکدارەکان، فەرمانی بە بەشێک لە کاربەدەستانی ناپێویست و خێزانەکانیان کرد کە ڕۆژهەڵاتی ناوین جێ بهێڵن.

 

لە کاردانەوەی نێودەوڵەتیشدا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ژان نۆئێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، وریایییان لە ئەنجامدانی پەلاماری نوێ دا و داوایان کرد ناکۆکییەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکرێن تا بازاڕی وزە تووشی تەنگژە نەبێت.

 

ئاڵۆزییەکانی ئێستای نێوان واشنتن و تاران درێژکراوەی گورزە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە 28ی شوبات و وەڵامە مووشەکییەکانی ئێران، کە دۆسیەی ناوەکی و ئاسایشی دەریایی لەبەر دەم چارەنووسێکی نادیاردا هێشتووەتەوە.