لە ڕەشنووسی بودجەی گشتی عێراق، پێشنیاز کراوە باجی فرۆش بە ڕێژەی %10 بچێتە سەر کارتەکانی مۆبایل و بلیتەکانی گەشتی دەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارت و بلیتەکان بە بڕی جیاواز.

عەلی کەریم ئیدهیب، توێژەری ئابووری لە ڕێکخراوی "ئەزوا دجیلە" بۆ پلاندانانی ستراتیژی، وردەکاریی ژمێریاریی پەیوەست بە باج و رسووماتەکانی ناو پێشنیازەکانی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی خستەڕوو و تیشکی خستە سەر کاریگەرییە داراییە ئەگەرییەکانی.

عەلی کەریم ئیدهیب باسی لەوە کرد، هەژمارکردنی باج بە ڕێژەی %10 لەسەر نرخی کارتەکانی مۆبایل، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بە بڕی جیاواز، بە شێوەیەک باجی 500 دینار دەچێتە سەر کارتی 5 هەزار دیناری، هەزار دینار بۆ کارتی 10 هەزار دیناری، 2 هەزار و 500 دینار بۆ کارتی 25 هەزار دیناری.

ئەو توێژەرە ئابوورییە ڕوونی کردەوە، بەگوێرەی ئەم هەژمارکردنانە، نرخی گشتیی کارتی 50 هەزار دیناری دوای زیادکردنی باجی 5 هەزار دیناری دەگاتە 55 هەزار دینار، لە کاتێکدا نرخی کارتی 100 هەزار دیناری بەرزدەبێتەوە بۆ 110 هەزار دینار دوای هەژمارکردنی باجی 10 هەزار دیناری.

سەبارەت بە گەشتی دەرەوەش، عەلی کەریم ئیدهیب دووپاتی کردەوە، وردەکارییەکان رسووماتێکی جێگیری 25 هەزار دیناری بۆ هەر بلیتێکی گەشتی دەرەوە لەخۆدەگرێت، کە ئەوەش تێچووی بلیتێک کە نرخی سەرەکیی 150 هەزار دینار بێت، بەرزدەکاتەوە بۆ 175 هەزار دینار.