سۆران عومەر، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا، لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لەگەڵ کوڕەکەیدا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کران و ڕووبەڕووی لێدان و سووکایەتی بوونەوە؛ ئەم ڕووداوە دوای گەڕانەوەی ناوبراو لە گەشتێکی بازرگانی لە وڵاتی ئێراندا ڕووی داوە.

 

ئه‌مڕۆ سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی و بە یاوەریی یەکێک لە کوڕەکانی و شۆفێرەکەی، بە مەبەستی ڕێککەوتنی بازرگانی سەردانی ئێرانی کردووە.

 

پایتەخت زانیویەتی، سەردانەکەی سۆران عومەر بۆ لای بازرگانانی ئێرانی بە مەبەستی دامەزراندنی کارگەیەکی خواردەمەنی و خواردنەوە بووە لە شاری سلێمانیدا تا لە کەرتی تایبەتدا کار بکات؛ هاوکات کوڕەکەی خاوه‌ن پاسی گەڕۆکی پێشکەشکردنی خواردنی خێرایه‌ لە پێش پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانیدا و له‌لایه‌ن له‌یلا عومه‌ر، سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانییه‌وه‌ ڕەزامەندی پێدراوه‌.

 

سەرچاوە ئاگادارەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە کاتی گەڕانەوەیان لە سنووری باشماخ، کارمەندانی ئاسایش ئۆتۆمبێلەکەی سۆران عومەریان ڕاگرتووە و دەستیان بە پشکنینێکی زۆر توند کردووە.

 

پایتەخت بەدواداچوونی زیاتری کردووە و بۆی دەرکەوتووە، هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی نائاسایی تەواوی کەلوپەل و تەنانەت دۆشەک و ناوپۆشی کورسییەکانی ئۆتۆمبێلەکەشیان هەڵوەشاندووەتەوە و پشکنیویانە.

 

سۆران عومەر بە کارمەندانی بازگەکەی گوتووە کە ئەو کەسایەتییەکی ناسراوی سیاسییە و پێویست بەم جۆرە مامەڵەیە ناکات، بەڵام کارمەندانی ئاسایش هیچ بایەخێکیان بە قسەکانی نەداوە و بەردەوام بوونه‌ لە پشکنین؛ لە ئەنجامی ئەو هەڵسوکەوتەدا، کوڕەکەی سۆران عومەر دەنگی بەرز کردووەتەوە و ناڕەزایەتیی دەربڕیوە، بەڵام دەستبەجێ کارمەندانی ئاسایش پەلاماریان داون و لێیان داون.

 

هێزەکانی ئاسایش بە توندی کوڕەکەی ناوبراویان ئەشکەنجە داوە و بەو هۆیەوە لووتی شکێنراوە، هاوکات پەلاماری سۆران عومەریش دراوە و لێی دراوە؛ دوای برینداربوونیان، سۆران عومەر و کوڕەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەیه‌ک لە شاری سلێمانی کراون بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی وەربگرن.

 

پایته‌خت له‌ درێژه‌ی به‌دواداچوونه‌كانی زانیویه‌تی، كه‌ دوای ڕووداوەکە جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی دەزگای زانیاری سەردانی ناوبراوی کردووە و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیش پەیوەندیی پێوە کردووە و داوای لێبوردنیان لێ کردووە.

 

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر ئەم ڕووداوەدا، سۆران عومەر لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە بێدەنگیی تەواوی هەڵبژاردووە و هیچ پەرچەکردارێکی فەرمیی لەبارەی ئەم پەلامارەوە ئاشکرا نەکردووە.