بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم دەنگۆی پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ڕەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە لە هەندێک کەناڵی میدیایی لەبارەی پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و تۆمارنەکراوەکان بڵاو کراونەتەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە نییە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تاکە لایەنی فەرمین بۆ تۆمارکردن و پێدانی تابلۆ بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییەکانی بواری هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان. بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکارەکانی هاتووچۆ، ئەرکی هیچ دامەزراوەیەکی تر نییە ڕێکار بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دابنێت بە هەموو ناو و هۆکارێکەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ هۆشداری دا، کە هەر ئۆتۆمبێلێک بە فەرمی تابلۆی یەکێک لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکانی عێراق یان تابلۆی بیانیی فەرمی پێ نەدرابێت، بە بێ تابلۆ هەژمار دەکرێت.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، هەر ئۆتۆمبێلێکی لەو شێوەیە بکەوێتە بەرچاوی تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ، ڕاستەوخۆ دەستبەسەر دەکرێت و شۆفێرەکەی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی تووند دەبێتەوە.