عهلی زهیدی دەستپێشخەرییەکی گشتگیری بۆ بەستنەوەی تۆڕەکانی وزە، هێڵی ئاسنین، گواستنەوە و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر چارەسەری ڕیشەیی پرسی فەلەستین وەک کڕۆکی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.
ئهمڕۆ لە میانی کردنەوەی کارەکانی خولی 52ی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدای مێژوو و شارستانییەت دەرگاکانی بۆ خوشک و براکانی لە جیهانی ئیسلامیدا واڵا دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد جیهانی ئیسلامی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە کە توانای پێکەوەژیان و گونجان لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری، کولتووری و میدیایییەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێویستییان بە کاری هاوبەشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گەلان و دابینکردنی ئایندەی نەوەکان. هەروەها گوتی: "عێراق هەمیشە باجی ململانێکانی ناوچەکەی داوە و ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە لە ڕێگەی لێبوردەیی و قبووڵکردنی جیاوازییەکانەوە یەکڕیزیی جیهانی ئیسلامی بپارێزرێت."
زەیدی لە بەشێکی تری وتارەکەیدا داوای ئازادیی بازرگانی، پاراستنی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان و ئاسانکاریی هاتوچۆی کەشتیوانیی کرد. هاوکات عێراق دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی خستەڕوو بۆ بەیەکەوەبەستنی تۆڕەکانی کارەبا، شەمەندەفەر، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و بەستنەوەی ناوچە پیشەسازییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ئاسایشی هاوبەش.
لە کۆتاییشدا سەرۆکوەزیران سوپاسی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی پاکستانی کرد بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان و داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی دژ بە وتاری ڕقوکینە کرد.
ئەم کۆبوونەوە فراوانەی بەغدا بە بەشداریی نوێنەرانی تەواوی دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت. گوتەبێژی فەرمیی کۆنگرەکە ئاشکرای کرد کە پاش وتاری دەستپێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەغدا بە فەرمی سەرۆکایەتی خولی نوێی ڕێکخراوەکە لە کۆماری تورکیا وەردەگرێت.
هەروەها نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی 40 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەکاندا ئامادەن، ئەمەش وەک گەورەترین سەرکەوتنی دیپلۆماسی بۆ عێراق لە ڕێکخستنی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا هەژمار دەکرێت.