هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری کە کەشێکی زستانە لە ناوچەکەدا دروست دەکات.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە، هاوکات شارەزایانی کەشناسی وریاییان لە بارانبارینی بەلێزمە و تەرزە لە کۆتایی هەفتەدا دا.
کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، کەشی ئەمڕۆ شەممە بە گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی پەڵەهەوردا بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا؛ هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک نزمتر دەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
بەپێی نەخشەکانی کەشناسی، بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ لە گەرمیان بە 33 پلەی سیلیزی و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران بە 19 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت؛ هاوکات خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.
بۆ کەشی سبەی یەکشەممە 25-10-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ئێوارەدا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری هەرێم و سنووری پارێزگای دهۆک ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران هەیە.
سەبارەت بە گۆڕانکارییە گەورەکانی کەشوهەوا، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ئاشکرای کرد کە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، هەورەبرووسکە و تەرزە بە دوو قۆناغ ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
گەڵۆزی ڕوونی کردەوە کە قۆناغی یەکەم لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، بە دیاریکراوی لە ڕۆژی چوارشەممە 28-10-2026، بە نمەباران دەست پێدەکات و بارانەکە دێمی و بەردەوام دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکاندا، بەتایبەت لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتدا، بارانی بەخوڕ ببارێت و پەڵە بدات.
لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری دەگاتە ناوچەکە کە دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خێراییی با.
هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاندووه، له ماوەی چوار ڕۆژی داهاتوودا کەشوهەوا جێگیر دەبێت و ئاسمان زۆربەی کات ساماڵ دەبێت لەگەڵ کەمێک بەرزبوونەوە لە پلەکانی گەرمادا.
ئاراس جەبار باسی لەوە کرد کە لە درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە 29-10-2026، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بارستەهەوایەکی شێداری خولگەیی لە دەریای سوورەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئهو شارهزایه، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی شڵەژان و ناجێگیرییەکی کەشوهەوا کە هەورەبرووسکەی بەهێز، بارانی بەخوڕ و تەرزەی لە کات و شوێنی جیاوازدا لێ دەکەوێتەوە.
ئەو شارەزایە پێداگریی کرد کە ئەم شەپۆلە کەشێکی بەتەواوی زستانە دروست دەکات، بە چەشنێک پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن و هاووڵاتییان ناچار دەبن ئامێرە گەرمکەرەوەکان بەکار بهێنن.
شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و بڕێکی زۆر لە باران لە سەرجەم ناوچەکاندا دەبارێت.
لە لایەکی ترەوە، قۆناغی دووەمی شەپۆلەکە لەنێوان یهک بۆ حهوتی مانگی 11 دەست پێدەکات کە پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەدا بارانبارینەکەی زۆر زیاتر بێت لە قۆناغی یەکەم.