لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕ، ئەمەریکا زانیویەتی کە ئێران پلانی کوشتنی بەپیلانی بۆ بەرپرسان و نێردە ڕامیارییەکانی داڕشتووە، بۆیە بە ناچاری وڵاتانی کەنداو جێ دەهێڵن.
بەپێی نووسراوێکی نهێنی کە دەست ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆس کەوتووە، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا پێی زانیوە کە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی نێردە ڕامیارییەکان و بەرپرسانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا چڕ کردووەتەوە، بە چەشنێک هەوڵەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
نووسراوەکە ئاراستەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کراوە و تێیدا جای کڵایتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا وریاییی داوە لەوەی دەبێت ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پەیوەندیدارن بە پلانەکانی ئێران بۆ کوشتنی بەپیلان، بدرێنە دەست ژمارەیەکی زیاتری بەرپرسانی ئەمریکا.
هەرچەندە ئاماژە بە زانیاریی وردی پلانەکانی ئێران نەکراوە، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە ئاگادارییەکە دراوەتە دەست چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکا و هەر ئەمەش هۆی بڕیاری کەمکردنەوەی نێردە ڕامیارییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.
دوێنێ هەینی بەرپرسانی ئەمەریکا پشتڕاستیان کردەوە، کە ئەمریکا بەرپرسان، نێردە ڕامیارییەکان و ئەندامانی باڵوێزخانەکانی خۆی لە هەر یەک لە وڵاتانی ئیمارات، لوبنان، قەتەر و ئوردن، لە ترسی پەلاماری حووسییەکانی یەمەن و پیلانەکانی ئێران کەم کردووەتەوە.
سەرەتای هەفتەی ڕابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە خێزان و ئەندامانی باڵوێزخانەکەی کرد لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە بچنە دەرەوە.
نیشانەکانی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە قۆناغێکی مەترسیدار، بە جۆرێک هەفتەی ڕابردوو چەندین سەرچاوەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی پشتڕاستیان کردەوە، کە ئیسرائیل وەک 'نواندنی هێز و تاقیکردنەوە' فڕۆکە جەنگییەکانی لە ڕێگەی ئاسمانی سووریا و عێراقەوە بردووەتە نزیک سنووری ئێران. چەدین ڕۆژیشە میدیا ئێرانییەکان بڵاویدەکەنەوە، کە وڵاتەکە تاقیکردنەوەی هەڵدانی مووشەک وەک ئامادەکاری جەنگ دەکات.