پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە و بەرپرسیارێتیی کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەخاتە ئەستۆی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان، کە سەر بەو جووڵانەوەیەیە.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم تەلاری پەرلەماندا، مەرد عەلی خاڵە، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان ئامادەی دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی دانیشتنەکانە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان لە نەوەی نوێیە و پێویستە ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات و زەنگی کۆبوونەوە لێ بدات، نەک لە دەرەوەی هۆڵەکەدا مەرج دابنێت.
پارتی ڕەخنەی لە مەرجەکانی نەوەی نوێ گرت سەبارەت بە دەستەی سەرۆکایەتی و دووپاتی کردەوە کە ئەو هێزە چیتر ئۆپۆزسیۆن نییە، چونکە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی دەسەڵاتداردا پێکهێناوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا مەرد عەلی باسی لەوە کرد، خەڵک تەواو مافی خۆیەتی نیگەران بێت لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هاوکات وەک گەورەترین فراکسیۆن بە 39 کورسی، دەستی هاوئاهەنگی بۆ سەرجەم لایەنەکان درێژ دەکات.
پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم هێشتا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، لە کاتێکدا ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دواخستووە، لە بەرامبەردا فراکسیۆنی پارتیش لە دوای هەڵبژاردنەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی بەردەوام پێداگری لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە.