ئاسایشی هەولێر شۆفێرێکی گواستنەوەی قوتابییانی دەستگیر کرد، دوای ئەوەی تۆمەتی ئەنجامدانی ڕەفتاری نەشیاوی بەرامبەر بە قوتابییەکی کچ ئاراستە کرا.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتبارێک بە ناوی (د. ل. ع.) دەستگیر کراوە. ئەم هەنگاوە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا ناوبراو مامەڵەی نەشیاو بەرامبەر بە قوتابییەکی كچ دەکات.
ئاسایش ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباردا بەردەوامە و داوا لە هەر خێزانێک دەکات کە سکاڵایان هەیە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.
دەستگیرکردنی ناوبراو لە کاتێکدایە کە چاودێریی هێڵەکانی گواستنەوەی قوتابییان لە هەرێمی کوردستان لەژێر ڕێکاری توندی ئەمنیدایە.