چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سەربازیی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای حەویجە لە باشووری پارێزگای کەرکووک و ئەمەش سێیەمین پەلاماری ئەو ڕێکخراوەیە لە ماوەی 15 ڕۆژدا لە هەمان ناوچە.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکووک ڕایگەیاند، هێرشەکە لە گوندی بورغلیەی سەربە کەرتی دەنادیش لە حەویجە ئەنجام دراوە و بارەگایەکی لیوای 63ی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارەکان لە هێرشەکەیاندا کامێرای حەراریی بارەگاکەیان پێکاوە و دواتر بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
ئەم جموجۆڵە چەکدارییە لە کاتێکدایە کە سنووری قەزای حەویجە و گوندەکانی دەوروبەری بەردەوام ڕووبەڕووی پەلاماری کتوپڕی چەکدارانی داعش دەبنەوە لە ڕێگەی نیشانەشکێن و چاندنی بۆمبی چێنراوەوە.
هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردن لە سنوورەکە کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو چەکدارانەی کە پەلاماری پێگەکەیان داوە.